سەردێڕ:

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە ٢٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە

AM:09:46:19/07/2021

3536 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رەزامەندی لەسەر ژمارەی کۆتایی دەنگدەران داوە، هاوکات، ژمارەی ئەو کەسانەی دیاریکردووەکە مافی دەنگدانیان هەیە بە گشتی و بە تایبەتی و ئەوانەى بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن.


جومانە غەلاى وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى راگەیاند، کۆمسیۆن ئامادەکاریی کۆتایی بۆ ئەو ٢٤ ملیۆن و ٢٩٩ هەزار دەنگدەرە پەسەندکردووە، کە کارتی بایۆمەتری و کارتی کورتخایەنیان هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو،لەو ٢٤ ملیۆن دەنگدەرە، نزیکەی یەک ملیۆن کەسیان یەکەمجاریانە دەنگ بدەن و لە دایکبووى ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ـن.

جومانە غەلاى ئاماژەی بەوەشدا، کۆمسیۆن خشتەی کۆتایی ١٢٠ هەزار و ١٢٦ دەنگدەری ئاوارەشى تەواوکردووە و بەسەر ٨٦ ناوەندی دەنگداندا دابەشیکردوون.

وتەبێژی کۆمسیۆن لەبارەی کشانەوەی لایەن و کاندیدەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، بایکۆت و کشانەوە لە هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نابێت تا ئێستاش هیچ کاندیدێک داواکاری کشانەوە پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردووە.

بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت، بڕیاریشە پرۆسەکە بە چاودێری کرداریی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتى ئەوروپا و چەند رێکخراوێکى ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت.













گەلەری