رێکان بۆڵی گەنجێکی دانیشتووی حاجیاوایە، بۆ هاوکاری خێزانەکەی کاری دلیڤەری دەکرد، بەڵام ئەم بەیانییە دوای چەند کاتژمێرێک لەرووداوەکە گیانیلەدەستدا.
کاتژمێر ١٠ شەوی رابردوو لە رێگای ناوچەی پیشەسازی - ناحیەی حاجیاوا رووداوێکی هاتوچۆ روویدا، قوربانیەکە گەنجێکی ١٦ ساڵان بووەو دوای چەند کاتژمێرێک و بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
رێکان
بۆڵی گەنجێکی دانیشتووی حاجیاوایە، کوڕە گەورەی خێزانەکەی بووەو کە خوشک و برایەکی
دیکەی هەبووە، بۆ هاوکاری کردنی خێزانەکەی دەستدەکات بەکاری گەیاندنی خۆراک (دلیڤەری)
بەڵام قەدەرێکی جیاواز چاوەڕێی دەکات و دوای یەک مانگ و ٢٠ رۆژ گیانلەدەستدەدات.
بەپێی راگەیەنراوێکی هاتووچۆی راپەڕین، رووداوەکە لە
نێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلێکدا روویداوە و بەوهۆیەشەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە
گیانی لەدەستداوە.
خاوەن
کارەکەی باسی لەدڵسۆزی و دەستپاکی و لەخۆبردوویی رێکان دەکات و وتیشی:"باری
ئابوری زۆر خراپ بووە و تەنانەت نەیتوانیوە بخوێنێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای
ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە
و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.