سەردێڕ:

فەیسبووک تۆمەتبار دەکرێت و زوکەربێرگیش وەڵام دەداتەوە

AM:11:12:06/10/2021

10324 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ژێرخانی ئەمریکی رایگەیاند، لەکارکەوتنی بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هێرشی ئەلیکترۆنی نەبووە، بەڵکو هەڵەی هونەری بووە. هاوکات، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، فەیسبووک بۆ منداڵان هیچ پارێزراو نییە و مارک زوکەبێرگیش رەتی دەکاتەوە.


جین ئیستەرلی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ژێرخانی ئەمریکی بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی راگەیاند، "بۆم دەرکەوتووە، لەکارکەوتنی بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردن نەبووە و هیچ نییەتێکی خراپ لە پشت رووداوەکەوە نەبووە، بەڵکو هەڵەیەک لە پرۆسەکە و پەککەوتنێکی هونەری بووە".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئاژانسەکەیان سەر بە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکییە و بەوردی بەدواداچونییان بۆ رووداوەکە کردووە.

دەشڵێت، پەککەوتنی بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رووداوێکی گەورە بووە لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا و بەشێوەیەکی راستەوخۆش پەیوەندییان بە کۆمپانیای فەیسبووکەوە نەکردووە.

پێشتر، فرانسیس هاوگن یەکێک لە بەرپرسەکانی پێشووی کۆمپانیای فەیسبووک لە چوارچێوەی ئامادەبوونی لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکی، چەند بەڵگەیەکی لەبارەی کۆمپانیای فەیسبووکەوە ئاشکرایکرد، "فەیسبووک تاکە ئامانجی کۆکردنەوەی قازانجە و چەندین دیوی دیکەی خراپ و زیانمەندهەن کە پشتگوێی خستوون."

ئەوەشی خستەڕوو، "کۆمپانیاکە لە سێبەردا کاردەکات و دژی بەرژەوەندی گشتییەوتیشی، "چەندین لایەن و کاریگەری دیکە هەن کە زیانێکی زۆر بە خەڵک و بەکارهێنەرانی فەیسبووک دەگەیەنێت، بەڵام کۆمپانیاکە دەیانشارێتەوە."

لەلایەن خۆیەوە، لیژنەی پاراستنی بەکارهێنەران و ئاسایشی زانیارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی فەیسبووک بۆ منداڵان هیچ پارێزراو نییە، چونکە کۆمپانیاکە هەندێک بابەت بڵاودەکاتەوە زیانییان پێدەگەیەنێت.

لەلایەن خۆشییەوە، مارک زوکەبێرگ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فەیسبووک رەتیکردەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەرە بە بڵاوکردنەوەی رق بدات و زیان بە منداڵان بگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشدا، "فەیسبوک پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە."

مارک زوکەربێرگ باسی لەوەشکرد، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کۆمپانیای فەیسبوک دەکرێن لەبارەی ئەوەی تاکە ئامانجی کۆکردنەوەی قازانجبێت و گرنگی بە سەلامەتی گشتی نەدات، دوورن لە راستییەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دانیشتنی کۆتایی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا، ئەنجومەنەکە گوێبیستی لێدوانەکانی فرانسیس هاوگن بوو، کە یەکێک بووە لە بەرپرسەکانی پێشووی کۆمپانیای فەیسبووک و تیایدا وتی، کۆمپانیاکە تاکە ئامانجی کۆکردنەوەی قازانجە و گرنگی بەلایەنە زیانبەخشەکانی کارەکانی نادات، بە تایبەتی ئەو بابەتانەی رق بڵاودەکەنەوە و زیان بە منداڵان دەگەیەنن.

کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لەکارکەوتن و لەناویشیاندا فەیسبووک و واتسئەپ و ئینستاگرام بوونی هەبوو.

رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوو ئەندامی تیمی ئاسایشی فەیسبوک کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت رایانگەیاندووە، "لەکارکەوتنی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنیی و هاککردن ناگەڕێتەوە، هاوکات بەهۆی تەکنەلۆژیاکانی ئەپڵیکەیشنەکەشەوە، بەیەکجاری ئەپڵیکەیشنەکە لەکارنەکەوتووە".

كـ. ئـ













گەلەری