بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی گشتی سلێمانی – کەرکوک روویداوە، بەوهۆیەوە دوو کەس برینداربوون.
شاڵاو عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە گەڕەکی راپەڕین لەسەر شەقامی گشتی سلێمانی – کەرکوک دوو هاوڵاتی برینداربوون، کە برینی کەسێکیان سەختە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی وای دی کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە پردێکی
پەڕینەوەدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی
هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی
هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش
برینداربوون.
رووداوەکانی
هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون
دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە
هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی
هاتوچۆوە هەیە.