سەردێڕ:

کۆمسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم لە وادەی خۆیدا بەردەوامە

PM:08:01:25/04/2024

1156 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەردەوامە. دەشڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە تاقیکردنەوە بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عیماد جەمیل بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، پڕۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراوە و هیچ گرفتێک لە ئامێرەکاندا نییە، بۆ زیاتر دڵنیابوونەوەش لە چەند رۆژی داهاتوودا تاقیکردنەوەیەکی دیکە بۆ ئامێرەکان ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان ٧٣ ناوەندی دەنگدان و هەزار و ٢٥٠ بنکەی دەنگدان کە شەش هەزار وێستگەی تێدایە، بوونیان هەیە.

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا کۆمسیۆن هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ راگرتنی رێوشوێن و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی هەرێمیان بەدەست نەگەیشتووە، بەپێی یاسا بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە. وتیشی، "یاسا کۆمسیۆنی ناچار کردووە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

ئەوەشی خستە روو، زیاتر لە جارێک وادەی تۆمارکردنی حزب و لایەنەکان و لیستی کاندیدانیان درێژکردووەتەوە، بەڵام بەپێی یاسا کاتی تۆماری لایەنەکان تەواو بووە و کارێکی قورسە جارێکی دیکە تیروپشکیان بۆ بکرێت.

وتیشی، رێوشوێنی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەگیرێتە بەر و راستەوخۆ لەژێر چاودێری وردی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٠ـی ٦ـی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بەردەوامە.













گەلەری