سەردێڕ:

وڵاتێک چوار هەزار کۆچبەری دەستگیرکرد

PM:11:58:02/10/2021

10308 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی لیبیا لە هەڵمەتێکیدا چوار هەزار کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکرد، کە لە نێویشیاندا سەدان ژن و منداڵ بوونیان هەیە.


بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی لیبیا، لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەدا لە رۆژی هەینیدا، چوار هەزار کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەڵەمەتەکە لە شارۆچکەی گارگارێشی رۆژئاوای لیبیا وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی لایەنە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دژ بە کۆچبەری نایاسایی ئەنجامدراوە.

لە رۆژی هەینیدا، وەزارەتی ناوخۆی لیبیا رایگەیاند، کە ٥٠٠ پەنابەری نایاساییان دەستگیرکردووە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ چوار هەزار کەس.

ناوچەی "گارگارێشی" ناوەندێکی ناسراوی کۆچبەران و پەنابەرانە نزیکەی ١٢ کیلۆمەتر دوورە لە رۆژئاوای تەرابلوسی پایتەختی لیبیاوە.

ساڵانەش، لە زۆرێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیا ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گەنجانی ئەو وڵاتانە بەرەو وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا کۆچ دەکەن، شارەزایانیش هۆکاری کۆچی ئەو هاوڵاتیانە بۆ کەمی رێژەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، نەبوونی هەلی کار، ناجێگریی دۆخی سیاسیی و ئابوری و حکومڕانی دەگەڕێننەوە.













گەلەری