سەردێڕ:

دەیان خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان بەجێهێشت

PM:11:20:01/10/2021

5936 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێک لە کەمپی هول رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ خێزانی عێراقی کەمپی هولیان بەجێهێشتووە و بەرەو پارێزگای نەینەوا بەڕێکەوتوون، لەنێویشیاندا خێزانی داعش بوونیان هەیە.


ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسێکی کەمپی هولەوە بڵاویکردەوە، ٤٨٧ هاوڵاتی عێراقی لە ١١٥ خێزانەوە ئێوارەی چوارشەممە کەمپەکەیان بەجێهێشتووە و بەرەو پارێزگای نەینەوا رۆیشتوون.

پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییەکان لە کەمپی هولەوە بۆ زێدی خۆیان، بەشێکە لە رێککەوتنی ٢٠١٨ لە نێوان بەرپرسە کوردەکانی رۆژاڤا و حکومەتی عێراقی.

لەلایەن خۆیەوە، چاوگێک بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، حکومەتی عێراق و بەرپرسانی کوردانی رۆژاوا لەسەر ئەوە رێککەوتوون ئەو عێراقییانەی لە کەمپی هولدان، کە نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی دەبن، دەبێت کەمپەکە بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

ئەمە جاری دووەمە، بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات رێگە دەدەن هاوڵاتییانی عێراقی کەمپەکە بەجێبهێڵن و بەرەو وڵات و زێدی خۆیان بگەڕێنەوە. پێشتر لەمانگی ئایاری ئەمساڵ ٣٨١ عێراقی لە کۆی ٩٥ خێزان گەڕانەوە زێدی خۆیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەمانگی نیسانی ٢٠١٩ کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ژێردەستی گروپی چەکداری داعشییان راگەیاند، هەزاران چەکدار و ئەندام و خێزانی سەر بەو گروپەیان دەستگیرکرد و لە کەمپی هۆلدا کۆیان کردنەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژهەڵات و باکوری سوریا لە کەمپەکەدا نزیکەی ٦٢ هەزار کەس زیندانی کراون کە لەنێویاندا ٣٠ هەزار عێراقی و نزیکەی ٢٢ هەزار سوری بونییان هەیە.


کـ ، ئـ













گەلەری