سەردێڕ:

بە مەرج؛ بانکی نێودەوڵەتی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەداتە عێراق

PM:02:35:29/09/2021

6856 جار خوێندراوەتەوە

بانکی نێودەڵەتی رایگەیاند، بە مەرجی پاڵپشتیکردنی هەڵمەتی پێدانی ڤاکسین و لەناوبردنی پاشەڕۆی کەلوپەلە پزیشکی و تەندروستییەکان و بەردەوامبوونی هەڵمەتەکانی هۆشیاری بەرامبەر ڤاکسینی کۆرۆنا، ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەداتە حکومەتی عێراق.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی نێودەڵەتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پرۆژەی پێدانی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بە حکومەتی عێراق پاڵپشتی هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات لە چوارچێوەی بەرنامەی پێدانی ڤاکسین بەو توێژانەی کۆمەڵگە کە لە پێشن پێیان بدرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئامانج لە پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە حکومەتی عێراق تەنها بۆ کڕینی ڤاکسین نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی توانای لەناوبردن و ئیدارەدانی خاشاکە پزیشکییەکان و بەردەوامیدان بەهەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییانیشە بەرامبەر وەرگرتن و پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ حکومەتی عێراق دەستی کرد بە هەڵمەتی پێدانی ڤاکسین و تا ئێستاش حەوت ملیۆن هاوڵاتی ڤاکسینییان وەرگرتووە، لەو ژمارەیە ١١٪ ژەمی یەکەم و ٧٪ ژەمی دووەمیان وەرگرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەکاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بانکی نێودەوڵەتی بەردەوامبووە لە هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لەسەر تێپەڕانی دۆخەکە و باشترکردنی سیستمی تەندروستی لە وڵاتدا.

کـ. ئـ













گەلەری