سەردێڕ:

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشداربوانی کۆنگرەکەی ھەولێر دەرچوو

AM:10:50:26/09/2021

10564 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق یاداشتنامەی فەرمانی دەستگیرکردنی بەشداربوانی کۆنگرەی "بانگەشەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل" لە ھەولێر دەرکرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی بۆی بەرزکراوەتەوە لەلایەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییەوە یاداشنامەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ویسام حەردان دەرکردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ویسام حەردان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆنگرەی "بانگەشەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیڵ" و رۆڵبینینی لەو کۆنگرەیەدا ئەم فەرمانەی بۆ دەرکراوە.
ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق، یاداشتنامەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ھەریەک لە میسال ئالوسی و سەحەر کەریم فەرمانبەر لە وەزارەتی رۆشنبیری بە ھەمان تۆمەت دەرچووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی ئاشکرا بوونی ناوی ئەوانەی بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کردووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەمییان دەردەچێت و دەستگیر دەکرێن و ریکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، لەشاری ھەولێر ژمارەیەک کەسایەتی عێراقی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا، داوای ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیلییان کرد و لەگەڵ ئەوەشدا، پێشنیاری پرۆسەی ئاشتی نێوان ھەردوولایان کرد.

کـ ، ئـ












گەلەری