سەردێڕ:

مۆزەخانەیەکی جەنگی لە هەڵەبجە دەکرێتەوە

PM:10:20:20/09/2021

4984 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە رایگەیاند، بە پشتیوانی ئاژانسی کۆچی نەتەوەیەگرتووەکان، پڕۆژەی مۆنۆمێنتی جەنگ خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، کە خۆی لە کۆکردنەوە و نیشاندانی هەموو ئەو فڕۆکە و زرێپۆشانەدا دەبینێتەوە کە لە کیمیباران و ئەنفالکردنی گەلی کوردا لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەکارهێنراون.


لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، سەرخێڵ غەفار بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ماوەی رابردوودا دەستمان بە کۆکردنەوەی کەرەستەکان کرد، کە لە رابردوودا حکومەتی بەعس لە تاوانەکان دژ بە کورد بەکاری دەهێنان، ئەمەش کاریگەر دەبێت لە ناساندنی جۆری ئەو چەکانەی کە لەتاوانەکاندا بەکارهاتوون".

لەلایەکی تریشەوە، فریاد نەجمەدین بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەڵەبجە بۆ دەنگی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، "یەکێک لە پڕۆژەکانی ئاژانسی کۆچی نەتەوەیەگرتووەکان لە هەڵەبجە ئەنجامی دەدات مۆزەخانەی جەنگە، کە خەڵکێکی زۆر ئاشنای کەرەستە جەنگیەکان دەبێت کە لە هەڵەبجە بەکارهاتوون و بەڵگە و دۆکیومێنتی دیارن بۆ زیاتر بەجینۆساید ناساندی کیمیبارانی هەڵەبجە".

لەدوای پرۆسەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ژمارەیەک پاشماوەی ئەو کەرەستە سەربازییانەی بەکار هاتبوون لە پرۆسەکەدا مابوونەوە و لەلایەن مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە بۆ پاراستن و خستنەڕوویان بۆ ئەو وەفدە ناوخۆیی و بیانیانەی کە دێنە هەڵەبجە کۆکرابوونەوە، لە ئێستادا لە شێوەی مۆزەخانەیەکی جەنگیدا دەخرێنەڕوو.

بەپێ زانیاریەکانی کۆمەڵەی دادوەرانی جیهانی زیاتر لە ٢٠ کەسایەتی و کۆمپانیای وڵاتان هاوکاری رژێمی بەعس بوون لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، کە تیایدا کە پێنج هەزار هاوڵاتی گیانی لە دەستدا و ١٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری