لەئێستادا نرخی کیلۆیەک مریشک نزیکەی "دوو هەزار" بەرزبووەتەوە و سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و جوجک و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کێڵگە پەلەوەرییەکان" هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی مریشکە.
نازم عەبدوڵڵا سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێشتر هۆشدارییان داوە کە نرخی مریشک بەرز دەبێتەوە و لە ئێستاشدا، عەلەف و جوجک نرخەکانیان بەرزبووەتەوە.
وتیشی، لە ئێستادا لە کێتڵگەکاندا یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار و ٧٠٠ دینارە و بە سەروو چوار هەزار دیناریش بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت.
سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەنێو کێڵگەکاندا
نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و جوجکی زۆر مردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی "خاوەن کێڵگە
پەلەوەرییەکان زیانێکی زۆرییان بەربکەوێت".
دەشڵێت، "ئەم بەرزبوونەوەیە
هەنگاوێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییانە".
نازم عەبدوڵڵا دڵنییاش دەدات کە ئەم بەرزبوونەوەیە "کاتییە"
و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەیە کە بەر خاوەن کێڵگەکان کەوتووە، دەشڵێت، خاوەن
کێڵگە پەلەوەرییەکان دڵنیایى ئەوەیانداوە لەئێستادا جوجکێکی زۆر لەکێڵگەکاندایە و
دوای ئامادەبوونیان بۆ بازاڕ نرخى مریشک دادەبەزێت.
گۆران لوقمان، سلێمانى