سەردێڕ:

نهێنی دەستگیرکردنەوەی چوار زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە

وێنەی ژمارەیەک لەزیندانیەکان
PM:05:34:11/09/2021

58156 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لەماوەی هەفتەی رابردوودا، شەش بەندکراوی فەڵەستینی لە توندوتۆڵترین بەندینخانەی ئیسرائیل (جەلبوع) هەڵهاتن، لەرێگای پاشماوەی جگەرەی یەکێک لە بەندکراوانەوە دۆزرانەوە.


زەکەریا زوبەیدی و محمەد عارزە، دوو لەشەش زیندانییەکان، دوای هەڵهاتنیان لەگوندی شبلی و لەژێر درەختێکی گەورەی زەیتووندا خەوتبوون پێش ئەوەی دەستبەسەربکرێنەوە.

زەکریا زوبەیدی تەمەنی ٤٥ ساڵانە، محەمەد عارزەش تەمەنی ٣٩ ساڵانە، ئەو ناوچەیەی کە ئەو دوو بەندکراوەی تێدابووە، دەوڵەمەندە بەهەبوونی ژمارەیەکی زۆری درەختی زەیتوون و هەروەها شوێنی وەستانی ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگری گەورەشە.

گوندی شبلی، ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی حەوت هەزار کەسە، ئەمڕۆش لەکاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانیدا، بەپاڵپشتی ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی پۆلیس و دەزگای هەوالگری و هێزی ئاسمانی چوونە نێو گوندکەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی حکومەتی ئیسرائیل، هێزێکی تایبەتی راهێندراوی سوپای ئیسرائیل گەشتوونەتە شوێنی خۆحەشاردانی ئەو دوو بەندکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پشتییان بە شوێنپێ و پاشماوەی جگەرەکێشانی ئەو دوو بەندکراوە بەستووە.

هاوکات، راگەیەندراوی فەرمی حکومەتی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو دوو بەندکراوەدا هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک رووینەداوە و هیچ چەکێکیان پێنەبووە.

لەلایەکی تریشەوە، شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەچیای (قەغزە) هەریەکە لە مەحموود عارزە و یەعقوب قادرییان دەستگیرکرد و بەمەش، لەکۆی ئەو شەش کەسە، چوار لە بەندکراوە هەڵهاتووەکان دەستبەسەرکرانەوە.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە، لە زیندانی "جەلبوع" لە ئیسرائیل لە ڕێی هەڵكەندنی تونێلەوە شەش زیندانی ھەڵھاتوون. کە ھەندێکیان بە سزای ھەتاھەتایی زیندانی کرابوون و یەكێك لە راكردووەكان زەكەریا زوبەیدی سەركردەی پێشووی كەتائیبی شوهەدای ئەقسایە.

شەش زیندانییە فەڵەستینییەکە دوای هەڵکەندنی تونێلێک کە لەماوەی چەندین مانگدا هەڵکەندراوە و رەنگە چەند ساڵێکیشی خایاندبێت هەڵهاتوون و لەناو زیندانی جلبوعی ئیسرائیلدا بوون کە بەنوێترین و "پێشکەوتوترین" زیندانی ئیسڕائیل وەسف دەکرێت.













گەلەری