سەردێڕ:

راوێژکارێکی ئابوری عێراق: دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر کورتهێنانی بودجە دروست دەکات

PM:03:12:18/03/2023

2412 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوتی لە جیهاندا دەستنیشان کرد و دەشڵێت، دابەزینی نرخی نەوت رەنگە کورتهێنانی بودجە بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبکاتەوە.


مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دوو هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزینی نرخی نەوت هەیە، یەکەمیان پاشەکشەیەکی ئابووری بەرزە لە وڵاتانی پیشەسازیدا، هەروەها داڕمانی بانکی کە رۆژئاوا پێی کاریگەر دەبێت، گەشەی ئابوری سست دەکات و خواست لەسەر نەوت کەمدەکاتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری دووەم ئەو راوێژکارە باس لەوەدەکات، فیدراسیۆنی روسیا وەک لایەنێکی شەڕ لەگەڵ رۆژئاوا دەستیکردووە بە بەبازاڕکردنی نەوتی خۆی بۆ بازاڕەکانی هیندستان و چین و ئاسیا؛ بە ٢٠ دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی جیهانی، کە ئەوەش جۆرێکە لە شەڕی نرخە رانەگەیەندراوەکان.

مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری دەبێت لەسەر کورتهێنانی بودجەی عێراق و کورتهێنان فراوانتر دەکات، کە لە ئێستادا بە نزیکەی ٦٣ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.

وتیشی، ئێستا تەواوی رەشنووسی بودجە لەبەردەم مێزی ئەنجومەنی نوێنەراندایە، کە ئەرکەکانیان بریتین لە رەچاوکردنی خەرجییەکان لەبەر رۆشنایی داهاتە چاوەڕوانکراوەکان پێش یاسادانان.

هەفتەی رابردوو، حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەندکرد و ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رەوانەی پەرلەمان کرا، بودجەکە بە ١٩٨ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و کورتهێنانیش بە ٦٣ ترلیۆن دینار و تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاریکراوە.

ک.ک













گەلەری