سەردێڕ:

حکومەتی کاربەڕێکەر: داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەنجامدەرانی هێرشەکەی کۆرمۆر بدۆزنەوە

PM:10:08:26/04/2024

2544 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەکەن تاکو ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر بدۆزنەوە و رادەستی یاسایان بکەن.


ئەمڕۆ هەینی، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ چوار کارمەندی کێڵگەکە کە خەڵکی یەمەن بوون گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، داوای هاوکاری بەپەلە لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بدۆزنەوە و رادەستی یاسایان بکەن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارانە.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم لە سنووری چەمچەماڵ و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوابەدوای هێرشەکە، وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.













گەلەری