سەردێڕ:

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق چەند کەشتییەکی نوێی بارهەڵگر دەکڕێت

PM:09:08:05/03/2023

2760 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، پلانیان داڕشتووە بۆ کڕینی چەند کەشتیەکی نوێ بۆ پتەوکردنی کاروباری گواستنەوە لە بەندەرەکانی عێراق، هاوکات پلانیان داڕشتووە بۆ پەرەپێدانی بەندەرە ناوخۆییەکان بە تایبەتی بەندەری فاوی گەورە.


وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، کادرەکانی بەشی تەکنیکی لە وەزارەتی گواستنەوە پلانێکی تەواویان ئامادەکردووە و لەلایەن رەزاق محیبس وەزیری گواستنەوەی عێراقەوە سەرپەرشتی کراوە و پوختەی پلانەکە بریتییە لە کڕینی چەند کەشتییەکی نوێی پەرەپێدراو لە بەندەرە جیهانییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم کەشتیانە دەکڕن لە پێناو زیادکردنی ژمارەی ئەو کەشتیانە کە لەلایەن کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی دەریایەوە خاوەنداری دەکرێن و وتیشی، "لە ئێستادا خاوەنی شەش کەشتی گەورەی بارهەڵگری جۆراوجۆرین و ناویان بەغدا و بەسڕە و حەدبا و مسەنا و قەرنە و ئەسمەعیییە."

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیان لە کڕینی ئەو کەشتیانە پتەوکردنی توانای گواستنەوەی نیشتیمانییە لە گواستنەوەی کەلوپەلەکان لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دیکە و جگە لەوانەش چەند بەلەمێک هەن کە ئەرکی گواستنەوەی ناوخۆیی بەرێدەکەن لە نێو رووبارەکانی عێراق.

لە بارەی کەرتی بەندەرەکانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە باسی لەوەکرد، چەند پلانێکی دیکەیان داڕشتووە بۆ پەرەپێدانی بەندەرەکان و لە بڕیارەکانی کارنامەی حکومی عێراقیش بوونی هەیە و لە گرنگترین ئەو بەندەرانەی پێویستیان بە پەرەپێدانە بەندەرەکانی فاوی گەورەیە و لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆرییەوە کاروباری پەرەپێدانەکەی ئەنجام دەدرێت.













گەلەری