وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی کاردەکەن بە مەبەستی دانانی سنوورێک بۆ بۆردومان و هێرشی وڵاتیانی دراوسێ کە بە شێوەیەکی بەردەوام دەیکەنە سەر خاکی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێم رێککەوتون بۆ دەستپێکردنی کاری هاوبەش لەپێناو کۆتاییهێنان بە هێرش و بۆردومانەکانی ولاتانی دراوسێ و دەشڵێت، "هێشتا هەوڵەکانمان لەپێناو روبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کۆتایی پێنەهاتووە."
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەیەک
هەنگاوی بە ئاڕاستەی بۆردومانەكەی ئێران ناوە، لەوانەش دەرکردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایی
توند و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر عێراق کردووە کە بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان
لەدەستدا و برینداربوون.
دەشڵێت، "باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بانگهێشتکراوە و نامەیەکی توندی بە
زمانێکی زبر پێدراوە."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەشکردووە، توانیویانە لەگەڵ بەرپرسانی
حکومەتی هەرێمدا رێکبکەون بۆ ئەوەی کار بکەن بۆ دانانی سنورێک و رێگری کردن لە
دووبارەبوونەوەی بۆردومان و هێرشەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەتا هێرشەکان لە رێگەی تۆپهاوێژەکانەوە بوو،
دواتر بە موشەک و لەمدواییانەشدا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون و ئەمەش
کاریگەرییەکی خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە.
سەحاف وتیشی، "بەردەوامی بۆردومانەکان کۆتایی بە تیرۆر و رووبەڕووبونەوەیان
لە ناوچەکاندا ناهێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی
تەنگژەی سیاسی و تێکدانی دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە."