مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، "پێویستە یەکێتی و پارتی بە ئاشکرا و لەسەر شاشە رایبگەیەنن کە ئەوان خاوەن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرین و پەیڕەوی لێدەکەن هەتا خەڵک بیر لە رێگایەکی دیکە جگە لە دیموکراسی بکەنەوە."
لە بەرنامەی ئەمشەوی تاوتوێ کە ئیمساعیل نامیق مامۆستای زانکۆ و شوان محەمەد نوسەر و رۆژنامەنوس میوان بوون لەبارەی هۆشدارییەکانی جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و لێکەوتەکانی قسەیان کرد.
لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە
دۆخی عێراق، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "ئەنجامنەدانی
هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەکاتی خۆیداباجی قورسی دەبێت."
شوان محەمەد نوسەر و رۆژنامەنووس، دەڵێت "پێویستە ئەم قسانەی
پلاسخارت بەهەند وەربگیرێت بەڵام بەداخەوە، بە درێژایی حوکمی یەکێتی و پارتی قۆرخی
دەسەڵاتیان کردووە و ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین و ئەم سیستمە سیستمێکی داپڵۆسێنەرە."
ئیسماعیل نامیق کە مامۆستای زانکۆیە دەڵێت، "پێویستە خۆمان وەک میللەتی
کورد بەرهەڵستی بکەین و بێدەنگ نەبین وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی
پشتیوانی ئێمەن، نابن بەڕێبەرمان پێویستە خۆمان ڕێبەر هەڵبژێرین."
ئیسماعیل نامیق وتیشی، "پێویستە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لەپرسی بابەتی
درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەماندا یەکدەنگبن و سەرجەم خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان لەبیر
بکەن و هەڵوێست و بەیاننامە و کاری هاوبەشیان هەبێ و دژی بوەستنەوە ئەوکات کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی و خەڵکی ناڕازی دیکەش پشتگیری دەکەن چونکە ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە پرسی
دیموکراسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و ناکرێت پشتگوێ بخرێت."
شوان محەمەد باسی لەوەشکرد، یەکێتی و پارتی دەترسن لەوەی دەسەڵاتەکەیان لەبەردەم
روودانی بوومەلەرزەیەکی گەورەدایە بۆیە لە دیموکراسی دەترسن و وڵات بە شێوەی پۆلیسی
و سەربازی بەڕێوەدەبەن و راشیگەیاند، ئەم دەسەڵاتە تەنها نوێنەرایەتی ١٩٪ی خەڵکی هەرێمی
کوردستان دەکات کە کەمینەی خەڵکی کوردستانن بۆیە دەترسن."