PM:08:54:05/10/2022
1380 جار خوێندراوەتەوە
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی ناسراو بە سۆمۆ رایگەیاند، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە دوای بڕیارەکەی رێکخراوی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ٢٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کەمدەکاتەوە.
عەلائـ یاسری بەرێوبەری گشتی کۆمپانیای فرۆشی نەوتی نیشتیمانی عێراق سۆمۆ بە میدیا ناوخۆییەکانی رایگەیاندووە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی رێکخراوی ئۆپیک سەبارەت بەکەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رێگە لە دابەزینی نرخی نەوت دەگرێت لە دوای ئەوەی نەوت رێژەی ٣٥٪ی بەهاکەی لە مانگەکانی رابردوو لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێنەکرێت
ئەوا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ٥٠ دۆلار دادەبەزێت و هاوکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی
ئۆپیک ٢٢٠ هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی عێراق کەمدەکاتەوە.
دەشڵێت، "کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی
نەوتی عێراقی نابێت بە هەمان رێژە و بە جێگیری دەمێنێتەوە و لە رێگەی پێداچوونەوە
لە بەکارهێنانی نەوت لە پرۆسە ناوخۆییەکاندا چارەسەردەکرێت."
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ئۆپیک پڵەس بڕیاری کەمکردنەوەی
بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە
دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەلایەن ئەندامەکانی رێکخراوی ئۆپیک و ئەوانەش کە بەشدارنین
لە رێکخراوەکە.