PM:08:21:05/10/2022
17204 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز رایگەیاند، سنوری گوندی بادەنە لە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن بۆردوومان کراوە و تا ئێستا زەرەر و زیانەکان نەزاندراون و بەهۆی دژواری دۆخەکەوە لە بەشێک لە گوندەکانی سنورەکە دەوامی خونێدنگەکان راگیراوە.
هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی مەترسی بۆردوومانەکەوە کە لەلایەن فڕۆکەوە ئەنجامدراوە، چەندین خێزان گوندەکەیان بەجێهێشتووە و روویان لە سەنتەری شاری سلێمانی کردووە.
هاوڵاتیانی سنورەکە باسیان لەوەکردووە،
بۆردوومانەکە کەمێک دوور بووە لە گوندەکە و بەهۆی ئەوەی ناتوانن لە شوێنی
بۆردوومانەکە نزیکببنەوە تا ئێستا نازانن چ زیانێکی هەبووە.
هاوکات، خەڵکی ناوچەکە داوا دەکەن
لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت بەهۆی مەترسیداری بۆردوومانی ناوچەکە و بەهۆی
دژواری دۆخەکەوە خوێندن لە بەشێک لە ناوچەکانی سنوری پەروەردەی شارباژێڕ تا رۆژی
یەکشەممە راگیراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین رۆژە
بەشێوەیەکی بەردەوام فڕۆکە و درۆن بە ئاسمانی سنوری شارباژێرو پێنجوێن و چەندین
ناوچەی دیکەی هەرێمدا دەسوڕێتەوە و بۆردوومانی چەندین ناوچەیان کردووە.
زوهرە عەلی، سلێمانی