PM:07:21:05/10/2022
8776 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆی بەرنامەی کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی سویدییەوە کە تێیدا گاڵتەئامێزانە باس لە تورکیا و ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کراوە، تورکیا بانگهێشتی باڵیۆزی سویدی بۆ وەزارەتی دەرەوە کرد و یاداشتی ناڕەزایەتی توندییان پێدا.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی زمانحاڵی تورکیا بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەهۆی پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی کەناڵی STVی سویدییەوە کە تێیدا دەستەواژە و گرتەی سوکایەتیی ئامێزی به سەرکۆماری تورکیا تێدا بووە، ستافان هێرسترۆمی باڵیۆزی سویدی بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتی توندی پێدا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە و بە باڵیۆزی سویدی راگەیاند،
"هیچ وتە و لێدوانێک یان ڤیدیۆیەکی ناشیرین لەسەر تەلەفزیۆنەوە دژی سەرۆک رەجەب
تەیب ئەردۆغان و تورکیا قەبوڵناکەین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکردووە، "تورکیا دان بە داوای بە ئەندامبوونی
هەریەکە لە سوید و فینلاند لە هاوپەیمانییەتی ناتۆدا نانێت و وتیشی لەسەر هەڵوێستەکانمان
بەردەوام دەبین هەتا پابەندی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە نەبن کە داویانە و لە ئێستادا
پێوەی پابەندنین."
هاوکات، ئەردۆغان لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا وتیشی، "هەتا هەریەکە
لە سوید و فینلاند پابەندنەبن بەبەڵێنەکانیانەوە کە لە ئێستادا پچڕاندوویانە لەگەڵ
وڵاتەکەماندا، ئێمەش لەسەر هەڵوێستەکانی خۆمان بەردەوام دەبین و دەستبەرداریان نابین."