راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت "سەرۆکی روسیا بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانەوە بۆ سەر ئۆکرانیا رووبەڕووی کێشە و گرفتی گەورەتر لە جاران بووەتەوە."
جۆن بۆڵتن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا و باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڤلادیمێر پوتینیی سەرۆکی روسیا رووبەڕووی گرفتی گەورەتر لە گرفتەکانی رابردوو بووەتەوە.
لەلێدوانێکیدا بۆڵتن ئاماژەی بەوەکردووە،
"گرفتەکانی پوتین کە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە رووبەڕووی بووەتەوە ئەگەری هەیە
وایلێبکات بڕیاری بەکارهێنانی چەکی تاکتیکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بدات."
بۆڵتۆن لە بارەی لکاندنی چوار ناوچەکەی
ئۆکرانیاوە لەلایەن رووسیاوە وتی، "روونە کە پوتین پێی وابوو ئەمە هێزێکی زیاتر
بە رووسیا دەبەخشێت و سنوورەکانی داهاتوو لەگەڵ ئۆکرانیا بەهێزتر دەکات، بەڵام راستییەکە
ئەوەیە کە ئێستا شەڕ لەسەر خاکی رووسیا روودەدات، سوپای وڵاتەکەش توانای وەڵامدانەوەی
تەواوی نییە."
دەشڵێت، "من لەو بڕوایەدام و گومانیشم
نییە کە ئەم بڕیارەی پوتین تەنگژەکانی ناوخۆی روسیا زیاتر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی
بەکارهێنانی چەکی تاکتیکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە و ناتوانێت خۆی لێلابدات."
لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بەکارهێنانی
چەکی تاکتیکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە و هەڵوێستی ئەمریکا لەوبارەیەوە، بۆڵتن وتی،
"پێم وانییە پێویست بەوە بکات ئەمریکاش بەچەکی ئەتۆمی وەلامی روسیا بداتەوە،
بەڵام ئەگەرێکی گەورەی هەیە کە رووسیا چەکەکە بەکاربهێنێت و ئەمەش وەک ئەوەیە پوتین
خۆی بەدەستی خۆی کۆتایی بە ژیانی بهێنێت."
بۆڵتن باسی لەوەشکردووە، هیچ شتێک هێندە
هاندەر نییە و ناتوانێت وا لە پوتین بکات چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت و هەست بە لاوازی
بکات، بۆیە تا رۆژئاوا زیاتر بڵێت ترسمان هەیە رووسیا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، و ئەگەری
ئەوە زیاترە کە پوتین لە هەڕەشەکان بەردەوام بێت."
لەلایەکی دیکەشەوە، جەنەراڵ پاتریک رایدەر
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای هەڕەشەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا
و ناتۆ بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام پنتاگۆن هیچ گۆڕانکارییەکی بەدی نەکردووە
کە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هێزی ئەتۆمی ئەمریکادا.
هاوپەیمانێتی ئەتڵەستی ناسراو بە ناتۆ رایگەیاند،
بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە قەبوڵکراو نییە و لەکاتی ئەگەری روودانیدا
روسیا باجێکی قورسی ئەو کارەی دەدات و سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەش وتی بەکارهێنانی چەکی
ئەتۆمی بە تەواوی دەبێتەهۆی گۆڕینی ئاڕاستەی ململێنێکان و پێویستە روسیا باش بزانێت
لە جەنگی ئەتۆمیدا هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.
لای خۆشیەوە، میخایلۆ بۆدۆلیاک راوێژکاری
ڤۆڵۆدیـێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە جەنگ هەتا
ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی ولاتەکەمان دەگێڕینەوە بۆسەر خاكی وڵاتەکەمان."