سەردێڕ:

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان گەیشتە وڵاتێکی عەرەبی

PM:08:25:18/08/2021

9384 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوە و هەماهەنگی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان و خانەوادەکەی کرد "لە چوارچێوەی بەها مرۆڤایەتییەکاندا."


وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، حکومەتی ئیمارات وەک بەهایەکی مرۆڤایەتی پێشوازی لە ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان و خانەوادەکەی کردووە پاش ئەوەی کابوولی پایەتەختی وڵاتەکەی جێهێشت، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

پاش ئەوەی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی چەکداری تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵکرا، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان بەرەو تاجیکستان هەڵهاتووە و دواتریش لە راگەیەندراوێکدا وتی، "نەیویستووە کە خوێنی کەس بڕژێت، بۆیە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان نەبووەتەوە."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمتەری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بە روبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا و دوو هێندەی روبەری بەریتانیا.













گەلەری