سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی وادەی دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی ئاشکرا کرد

AM:09:02:17/08/2021

10300 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان چاپدەکرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.


ئیبتیهال هاشم بەڕێوبەری فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەت بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکارەکانی سەبارەت بە دۆسییەی کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی بازرگانی مانگی رابردوو یەکەم ئەزموونی خۆی لە چاپکردن و دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی لە شاری نەجەف ئەنجامداوە.

ئیبتیهال هاشم دەشڵێت، پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ، سەرجەم کارتە ئەلیکترۆنییەکانی بەشە خۆراکی هاوڵاتییان چاپدەکرێت و بەسەر ئەو چین و توێژانەدا دابەشدەکرێت کە دەیانگرێتەوە لە چاودێرانی کۆمەڵایەتی و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و دواتر بەسەر سەرجەم هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت.

بەڕێوبەری فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، کارتی ئەلیکترۆنی تەنها بەشە خۆراک لە خۆی ناگرێت و تەنها بۆ ئەو مەبەستەش دروستناکرێت، بەڵکو جگە لەوەی بەشەخۆراک لە خۆی دەگرێت، هاوڵاتی دەتوانێت کۆی مامەڵەکانیشی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا پێ راییبکات.

وتیشی، حکومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا پرۆژەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو حکومەتی عێراقی بڕیاڕیدا فۆڕمی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان بگۆڕێت بۆ کارتێکی ئەلیکترۆنی و هاوڵاتییانیش جگە لەوەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەیان، بتوانن سەرجەم مامەڵەکانیان لە دامەزراوە و فەرمانگە حکومییەکانی پێ رایی بکەن.








گەلەری