سەردێڕ:

پاڵاوگەی بەسرە؛ توانای پاڵاوتن بۆ زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزین زیاد کراوە

PM:07:24:25/04/2024

824 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، یەکەی پاڵاوتنی ئەزمیرا کەوتووەتە کار و لە ئێستاشدا لە توانایدا هەیە زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بە ئۆکتانی بەرز بپاڵێوێت و رۆژانە ٧٥٠ هەزار لیتر کۆگا بکات. دەشڵێت، " یەکەی ئەزمیرا هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاستی هاوردەکردنی بەنزین".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، حامید یونس بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوگەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، یەکەی پاڵاوتنی ئەزمیرا بەتەواوی کاراکراوە و لە ئێستادا توانای پاڵاوتنی رۆژانەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزینە.

ئاماژە بەوەش کرد، پاڵاوگەکە لە توانایدا هەیە کە بەنزین بە ئۆکتانی ٩٤ بپاڵێوێت و رۆژانە ٧٥٠ هەزار لیتر بەنزین کۆگا بکات، کە ئەوەش هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبژێوی لە بەنزیندا.

باسی لەوەش کرد، هەوڵدەدەن کە ئاستی هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دراوسێ کەمبکەنەوە و لەگەڵ تەواوبوونی سەرجەم یەکەکاندا ئاستی هاوردەکردنی بەنزین بۆ رێژەی سفر دادەبەزێت و بەتەواوی دەتوانن بچنە قۆناغی خۆبژێوی. وتیشی، " ئەو بەنزینەی کە بەرهەمی دەهێنن ئۆکتانی بەرزە و تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم بەنزینخانەکان بەتەواوی دەستیان بە باشترین کوالێتی بەنزین دەگات".

هاوکات لەو بارەیەشەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار بەنزین هاوردە دەکرێت و حکومەتی عێراق سوورە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی هاوردەکردنی بەنزین. وتیشی، " تا ناوەڕاستی ئەمساڵ ئاستی هاوردەکردنی بەنزین بۆ کەمتر لە ٥٠٪ دادەبەزێنن".













گەلەری