سەردێڕ:

ئەمریکا بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری ئۆکرانیا دەکات

AM:09:38:01/07/2022

1128 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، لە رۆژانى داهاتوودا هاوکارییەکى دیکە بە بڕى ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا دەکەن.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایى ٣٢هەمین لووتکەى ناتۆ کە لە مەدریدی پایتەختى ئیسپانیا بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا زۆرینەى ئەندامانى ناتۆ لە رێگەدان بۆ تێپەڕاندنى پابەندیى هاوپەیمانێتییەک بۆ خەرجکردنى لە ٢٪ی داهاتى بەرهەمى گشتیى ناوخۆیى بۆ بەرگریی.

دەشڵێت، ئەمە هەوڵێکى جیهانییە بۆ پاڵپشتیکردنى ئۆکراینا و وڵاتەکەشى تا ئه‌و كاته‌ی پێویست بێت بەردەوام دەبێت لە هاوکارییکردنی ئۆکرانیا.

ئەوەشی خستەڕوو، "لە ماوەى چەند رۆژى داهاتوودا، پلانمان هەیە بڕى ٨٠٠ ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتیى سەربازیى نوێ بۆ ئۆکرانیا رابگەیه‌نینکە سیستمى بەرگریى ئاسمانیش لە خۆدەگرێت".

جۆ بایدن باسی لەوەشکرد، به‌ر له‌ جەنگەکە هۆشداریى داوه‌ته‌ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى روسیا، بەوەى ئەگەر ئۆکرانیا داگیر بکات، ناتۆ نەک تەنها بەهێز دەبێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا یەکگرتووش دەبێت و دیموکراتی خوازان لە سەرتاسەری دژى شەڕانگێزیت دەوەستنەوە و رادەپەڕن.

وتیشی، ئۆکرانیا لە مێژە گورزێکى گەورەى لە روسیا داوە و مۆسکۆ پێگەى نێودەوڵەتیى خۆى لەدەستداوە.

لەبارەی کۆتاییهانتی جەنگەکەشەوە، جۆ بایدن راشیگه‌یاند: "نازانم جەنگەکە چۆن تەواو دەبێت، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنى روسیا بەسەر ئۆکرانیا کۆتایى نایەت".

هەروەها، داواکاریى فینلاندا و سوید کە نەرێتێكی دوور و درێژیان لە بێلایەنیدا هەیە بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ بە "هەنگاوێکى مێژوویى" ناوبرد و ئاماژەى بەوە کرد هاوپەیمانێتییەکە بەهێزتر دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ١٢٨ رۆژە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و لە ئەنجامدا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای دارایی و ئابوری و بازرگانییان خستە سەر چەندین کۆمپانیای گەورە و کەسایەتی و بانکی ناوەندی روسیا و دواجار هاوردەکردنی وزە و زێڕی روسیاشیان قەدەغەکرد. هاوکات، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی پەیمانی باوکری ئەتڵەسی"ناتۆ" بەردەوامن لە پشتیوانی کردنی حکومەتی ئۆکرانیا و لەو چوارچێوەیەشدا چەکی قورسیان بۆ رەوانەکردووە و راهێنان و مەشق بە سەربازانی ئەو وڵاتە دەکەن.

هەروەها، لەماوەی رابردوودا، ئۆکرانیان بەفەرمی داوایکردووە ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆ و ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانکردن و توڕەکردنی روسیا.













گەلەری