سەردێڕ:

ئەمریکا هاوکاری نوێی ئەمنی و مرۆیی ئۆکرانیا دەکات

AM:08:26:16/06/2022

2680 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە بڕی یەک ملیار دۆلار هاوکاری ئەمنی و بە بڕی ٢٢٥ ملیۆن دۆلاری دیکە بەشێوەی نەختینەیی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دابینكردووه‌ کە لەگەڵ روسیا لە جەنگدایە.


کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی بڵاکردەوە و تیایدا هاتووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجامداوە و تیایدا تاوتوێی ئەو جەنگەیان کردووە کە لەگەڵ روسیا بەردەوامە.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە بەردەوامی ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کردووە و جۆ بایدن بە ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی راگەیاندووە بە بڕی یەک ملیار دۆلار ھاوکاری ئەمنیی ئۆکرانیا دەکەن. ھاوکارییەکانیش جگە لە چەکی قورس و چەکی بەرگریی لە کەناراوەکان، جبەخانەی سستەمی مووشەکی پێشکەوتووی پێویست بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی ئۆکرانیا لە دۆنباس لەخۆدەگرێت.

هەروەها، راگەیەنراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە چوارچێوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە ڤۆڵۆدیمیر زیلینکسی سەرۆکی ئۆکرانیای راگەیاندووە، ھەوڵەکانی لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بۆ زیادکردنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل تاوتوێ کراوە.

جۆ بایدن باسی لەوە کردووه‌، بەڵێنی ھاوکارییه‌كانی ئەمریکای بۆ ئۆکرانییەکانی قوربانیی جەنگ نوێ کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە بە بڕی ٢٢٥ ملیۆن دۆلار ھاوکاری مرۆیی زیادە بۆ ئۆکرانیا بەشێوەی نەختینەیی "کاش" بۆ دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە، پێداویستیی پزیشکی، پێداویستی تەندروستی، خۆراک، شوێنی حەوانەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک رەوانەی ئەو وڵاتەکەی دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیتر لە ١٠٠ رۆژە روسیا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی ئۆکرانیا دەستپێکردووە. لە کاردانەوەی نێودەوڵەتیشدا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و دارایی و بازرگانییان خستە سەر روسیا و بە پێدانی چەک و کۆمەکی دارایی و راهێنان و مەشقی سەربازی بەردەوام پشتیوانی و پشتگیری حکومەتی ئۆکرانیادەکەن.













گەلەری