سەردێڕ:

عێراق هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبووانی بە تای خوێنبەربوونی ئاشکرا کرد

PM:11:59:11/06/2022

3712 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کەمی کارەمەندی تەندروستی ئاژەڵ و بەردەوامبوونی سەربڕینی ئاژەڵ بەشێوەی نازانستی و گرنگی نەدان بە پاک و خاوێنی گەوڕەکان و کەمکردنەوەی دەوامی فەرمی بەهۆی کۆرۆناوە، هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی توشبووانی تای خوێنبەربوونە لە وڵاتدا.


ئەمڕۆ شەممە، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، فەرمانگەی ڤێتەرنەری یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرپرسە لە رووبەڕووبوونەوەی هەر نەخۆشی و درمێک توشی سامانی ئاژەڵ ببێت.

ئاماژەی بەوەشدا، نەخۆشییە کتوپڕەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە و تای خوێنبەربوون لە وەرزەکانی بەهار و پایزدا سەرهەڵدەدەن و وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە پەتا و نەخۆشییانە ئامدەکاریی بۆ دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، باسی لەوەشکرد، چوار هۆکاری سەرەکی هەن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی توشبووان بە تای خوێنبەربوون کە بریتین لە کەمی کارەمەندی تەندروستی ئاژەڵ و بەردەوامبوونی سەربڕینی ئاژەڵ بەشێوەی نازانستی و گرنگی نەدان بە پاک و خاوێنی گەوڕەکان وکەمکردنەوەی دەوامی فەرمی بەهۆی کۆرۆناوە.

دەشڵێت، وەزارەت تیمێکی تایبەتی گەڕۆکی هەیە کە بەردەوام بەسەر خاوەن ئاژەڵ و گەوڕەکاندا دەگەڕێت بە ئامانجی گەیشتن بەسەرچاوەی ئەو نەخۆشییانە و رووبەڕووبوونەوەیان.

لەبارەی رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیمون لە عێراقدا، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی کشتوکاڵ بەهەموو شێوەیەک هاوردەکردنی مەیمونی قەدەغەکردووە.

وتیشی، ئەوانەی پێشتر ڤاکسینیان دژی ئاوڵە وەرگرتووە توشی نەخۆشییەکە نابن.

ئەمە لەکاتێکدایە، کشتوکاڵی هەرێم بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە.

تای خوێنبەربوون؛ "پەتایەكی ڤایرۆسیی"ـە واتە گوازراوەیە، بەهۆی تێكەڵاوبوون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نیشانەكانی تای خوێنبەربوون، دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی.

هەروەها، چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبووەكە هەیە، وەک خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبوونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبوون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبوونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر.

ئەگەر بێت و نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر خوێن لەژێر پێستیدا بڵاوبووبێتەوە بەهۆی درەنگ وەرگرتنی چارەسەری، ئەگەری گیانلەدەستدانی زیاترە.













گەلەری