سەردێڕ:

کەشناسی: تۆز لە هەوادا دەبێت و ئەگەری بارانبارین هەیە

PM:11:22:19/04/2022

36572 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشوهەوای ئەمشەو و سبەینێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشبينى ده‌كرێ ئه‌مشه‌و ئاسمانى هه‌رێم نيمچه‌ هه‌ور بێت و‌ له‌ ناوچه‌كانى باكور هه‌ورى ته‌واو ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونى تۆزێكى سوك به‌تايبه‌ت له‌ دوای نیوەی شەوەوە.


لەبارەی کەشوهەوای سبەینێشەوە باسی لەوەکردووە، رۆژى چوارشه‌ممه‌ ئاسمان نيمچه‌ هه‌ور ده‌بێت و تۆزێكى سوك به‌رده‌وامى ده‌بێت له‌ گه‌ڵ ئه‌گه‌رى بارينى كه‌مێك دڵۆپه‌ باران له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى جياواز.
 هۆکاری خۆڵبارین چییە و بۆچی لەم چەند ساڵەدا کاریگەرییەکانی زیادبوون؟
کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بووە و چەند پسپۆڕێکیش باسیان لەوەکردووە، دروستکردنی بەنداوەکان لە ئێران و تورکیا لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان وای کردووە وشکەساڵی و دیاردەی بەبیابانبوون لە عێراقدا زیادبکات.
ئاژانسی دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەناوی "خۆڵبارین، لێکەوتە و چارەسەر" فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە و کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە بە بەشداری چەند مامۆستایەکی پسپۆڕ پانێلێکی زانستیان لەسەر هۆکارەکانی زیادبوونی دیاردەی خۆڵبارین لە هەرێم و هۆکارەکانی لە عێراق شاری هەڵەبجە رێکخست.

دکتۆر کارزان عەبدوڵا راگری کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە رایگەیاندووە، "سەرچاوە ئاوییەکان کە لە ئێران و تورکیاوە دێنە عێراق بەبێ رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان رێژەی ئەو ئاوەیان بۆ عێراق کەم کردوەتەوە و دیاردەی بە بیابانبوون لە عێراق زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە ساڵ بە ساڵ رێژەی خۆڵبارین زیاتر بێت."

لای خۆشییەوە، دکتۆر عوسمان عبدولرحمان کە یەکێک بووە لە پانێڵستەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "خۆڵبارین بووەتە دیاردە و کاریگەری لەسەر زەوی و مرۆڤیش هەیە، کە دەکرێت نەخۆشیەکان بگوازێتەوە یان دروستیان بکات لە جەستەدا، ئەوەی کە هۆکاری زیاد بوونیەتی وشکەساڵی کاریگەری هەیە لەسەر کەم بوونەوەی شێ و زیاد بوونی وشکانی."

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەگوێرەی توێژینەوەکان دیاردەی خۆڵبارینی چڕ ساڵ بە ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، کاریگەریەکانی هێندە زیادیان کردووە، لە هەفتەکانی رابردوودا لە پارێزگاکانی هەرێم و کەرکوک زیاتر لە هەزار هاووڵاتی بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردبوو، ناوەندە کەشناسیەکان لە هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن، لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ل.ل













گەلەری