سەردێڕ:

ئەو ئاوەی لەم مانگەدا چووەتە بەنداوی دەربەندیخانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

PM:08:19:19/04/2022

3948 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند، ئەو بڕە ئاوەی چووەتە ناو بەنداوەی دەربەندیخانەوە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە هەتا ئەمڕۆ ٢٥ مەتر سێجابووە و ئەوەش بڕێکی زۆر کەمترە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو کە بە تێکڕای ٦٠ ساڵی رابردوو ٣٦٢ مەتر سێجا لەم مانگەدا ئاو هاتووەتە ناو بەنداوەکەوە.


سامان ئیسماعیل بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە ئێن ئار تی راگەیاند، ئەمرۆ بەرزی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لەسەر ئاستی رووی دەریاوە ٤٦٨ مەتر و ٣٥ سانتیمەترە کە بەوەش یەک مەتر و ٧٤ سانتیمەتر زیاترە لەچاو پارساڵدا، بەڵام داهاتی ئاو ٢٥ مەتر سێجایە لەم مانگەدا، لەکاتێکدا تێکڕای هەمان مانگ لە ٦٠ ساڵی رابردوودا ٣٦٢ مەتر سێجابووە.

سامان ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا ملیارێک و ٢٨٥ مەتر سێجا ئاو هەیە لە دەریاچەکەدا کە ٥٠٪ بەنداوەکە ئاوی تێدایە و ٥٠٪ دیکەی بەتاڵە.

باسی لەوەشکردوو،ە بەنداوی حەمرینیش چاوەڕوانی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان دەکەن چونکە پارساڵ بەنداوی حەمرین ٣٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابوو بەڵام ئێستا ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و ئەوەش دابەزینێکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٧٠٪ی سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە ئێرانەوە دێت و ٣٠٪یشی لە هەرێمە و بەهۆی دروستکردنی بەنداویش لەسەرچاوەی ئاوەکە لە وڵاتی ئێرانەوە وایکردووە کە ئاوی کەمتر بێتە ناو بەنداوەکەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمیبارانبارینەوە لەمساڵدای بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان چەند جارێک ئاماژەی بەوەکردووە، مەترسی وشکەساڵی لەسەر ناوچەکەیان هەیە.

گۆران لوقمان، سلێمانی













گەلەری