سەردێڕ:

پەکەکە هەڕەشە لە پارتی دەکات و هۆشداری دەدات

PM:05:00:19/04/2022

39848 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاندووە، ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بەردەوامییان هەبێت ئەوا شەڕ بە هەموو ناوچەیەکدا بڵاودەکەنەوە ودەیبەنە ناو گەورە شارەکانی تورکیاش، هەڕەشەش لە پارتی دەکەن و دەڵێت، "پارتی دەنگۆی دژ بە بەرژەوەندی گەل بڵاودەکاتەوە و ئەگەر پارتی چالاکانە بەشداریی شەڕەکە بکات، ئەوا شەڕەکە بە باشوریشدا بڵاودەبێتەوە."


دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بەردەوامییان هەبێت ئەوا شەڕ بە هەموو ناوچەیەکدا بڵاودەکەنەوە ودەیبەنە ناو گەورە شارەکانی تورکیاش.

ئەندامەکەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە باسی لەوەشکردووە، چەند دەنگۆیەک هەیە کە بەتەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی گەلن لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و دەشڵێت، "ئەگەر پارتی چالاکانە بەشداریی شەڕەکە بکات، ئەوا شەڕەکە بە باشوریشدا بڵاودەبێتەوە."

لەلایەکی دیکەشەوە هەپەگە ئاماری دوو رۆژی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی هێرشی تورکیایان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ٤٤ سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە کە شەشیان پلەی بەرزی سەربازییان هەیە. "تورکیاش دەڵێت لەو ماوەیەدا ٢٦ ئەندامی پەکەکەمان کوشتووە."

هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە لەماوەی دوو رۆژی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەدوای دەستپێکی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ٤٤ سەربازی تورکیایان کوشتووە کە شەشیان پلەداری سەربازین و ٣٢ سەربازی تورکیاش برینداربوون.

لەبەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، لە دەستپێکی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانیانەوە تا ئەمڕۆ ٢٦ ئەندامی پەکەکەیان کوشتووە.

بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناوی لێناوە "کلیل چنگ" و تێیدا ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشینی بە چڕی بۆردوومان کرد.

هاوکات، میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی زۆرییان بە ئاڕاستەی ناوچەکانی شێلادزێ و دێرەلوک جوڵاندووە کە دەکەونە سنوری ناوچەی کوڕەژارو، لە کاتێکدا شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانیان و سوپای تورکیا دەستیپێکردووە.

جێگەی ئاماژەیە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەدوای تەنها دوو رۆژ لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت.













گەلەری