سەردێڕ:

لەبارەی کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە وەزیری تەندروستی قسەی جیاواز دەکات

PM:12:18:19/04/2022

3200 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کەمی دەرمان هیچ پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە و بودجەی تەواوی بۆتەرخانکراوە. دەشڵێت، "کێشە نەمانی پارەی نەختینەییە لە بانکەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە بووەتە جێگای پرسیار بۆ ئێمەش".


ئەمڕۆ سێشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، کەمی دەرمان هیچ پەیوەندی بە بەحکومەتەوە نییە و بودجەی تەواوی بۆتەرخانکردووە.

دەشڵێت، حکومەتی هەرێم بە پاڵپشتی وەزارەتی دارایی بودجەی بۆ تەندروستی تەرخان کردووە کە چەند جۆرێکی هەیە، بودجەیەکی گشتیشی هەیە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە شەش ملیار دینارە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، هەریەک لە شێرپەنجە و دڵ و پسپۆڕییەکان بەدجەی تابیەت بەخۆیان هەیە، جگە لە بودجەی سوتەمەنی و بودجەی فەرمانگەکان. لە ساڵی نوێشدا سەرجەم بودجەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و نوێ کراونەتەوە.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشدا، بە ئامانجی نەهێشتنی رۆتینات لە کڕینی دەرمان و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی تەواوی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری و یاسایی ١٠٠٪ دراوەتە بەڕێوەبەراتییە گشتییەکانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی دابینکردن لە سەرەتاییترین قۆناغ تا دوا قۆناغ کە خەرجکردنی چەکەکانی پارەدانە و هەموو ئەو مامەڵانەی بە تەندەر لە رێگەی گرێبەستەوە دەکرێن بەمەبەستی نەهێشتنی رۆتین هیچ مامەڵەیەکیان ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەڵکو هەموویان راستەوخۆ لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان راییدەکرێن.

وتیشی، "سەرجەم مامەڵەکانی کڕین و دابین کردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ لەناو خۆیدا بۆی دەکرێت و دوای تەواوبوونی پەڕاو و مامەڵەکان و وردبینی کردن تێیاندا چەک بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەکرێتە کە دەرمان و پێداویستییەکانیان هاوردەکردووە و ئەوانیش لەبانکەکانی هەمان پارێزگا پارە و شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام کاتێک لە بانکدا پارەی نەختینەیی نییە ئەمەیان پەیوەندی بەلایەن داراییەوە هەیە. ئێمەش پرسیارمان لەسەر ئەمە هەیە".

لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە، سامان بەرنزجی وەزیری تەندروستی هەرێم وتی، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی تەواوی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە بودجەی سەرەکی کەرتی تەندروستی بۆ هەرێم تەرخان بکات، چونکە مافێکی هەرێمی کوردستانە، چونکە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکمییە کە بەشە بودجەی هەرێم نییە، بەڵکو سەربە بودجەی گشتییە و دەرمان و پێویستی بۆ هەموو عێراق دابین دەکرێت.

ئاشکراشی کرد، "بەگشتی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ مان دابین دەکرێت بە رێژەیەک، بەڵام بۆشاییەکی گەورە هەیە کەناتوانرێت بە تەواوەتی پشت بەو رێژەیەی بەغدا ببەسترێت".

ئەمەلەکاتێکدایە، زیاتر لە مانگێکە لە پارێزگای سلێمانی قەیرانی کەمی و نەمانی دەرمان بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی نەخۆش و دابین نەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان هەڕەشەیان لەسەر داڕمانی کەرتی تەندروستی دروستکردووە و کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بەهۆکاری وەرنەگرتن و خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان هەڕەشەی بایکۆت کردنی هاوردەکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دەکەن.

لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ٦یئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان.













گەلەری