سەردێڕ:

لە هەولێر بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر خۆپیشاندانیان کرد و رێگایەکی سەرەکییان داخست

AM:10:35:19/04/2022

3000 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی گرانکردنی نرخی کێشانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە لە بێ بەرامبەرییەوە بۆ پێنج هەزار دینار لە پارێزگای هەولێر بەشێک لە شۆفێران گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد و رێگای سەرەکی نێوان گوندی ئیفراز - خەباتیان داخست.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رازگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، هەر بارهەڵگرێک باری بارکردبێت و لە گوندی ئیفرازەوە بەرەو خەبات بڕوات ئەوا لەکاتی کێشانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەی پێنج هەزار دیناری وەک نرخی کێشان لێوەردەگیرێت.

یەکێک لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە قەپانەکە دانراوە و کێشکردنی ئۆتۆمبێل بە خۆڕایی بوو، لەساڵی ٢٠١٤ بەهۆی شەڕی داعشەوە بۆ کێشانی هەر ئۆتۆمبێلێک بۆ ماوەی یەک ساڵ هەزار دینارییان دانا بە ئامانجی چاککردنی رێگەو بان.

ئاماژەی بەوەشدا، دواتر ئەم نرخەش بەرزکرایەوە بۆ سێ هەزار دینار، لە ئێستادا بڕیارێک دەرچووە کەلە ١ی ٥ی ٢٠٢٢ەوەوە نرخی کێشانی هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر دەبێتە پێنج هەزار دینار.

ئەو شۆفێرە ئەوەشی ئاشکراکرد، حکومەت ئەو پارەیەی بە ئامانجی چاککردنی رێگەو بان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ چاککردنێکیان لە رێگاکەدا نەکردووە.

باسی لەوەشکرد، رۆژانە بە کێشانی ئۆتۆمبێل و سۆنەر، نزیکەی ١٥ ملیۆن دینار داهاتی دەبێت.

شۆفێرێکی دیکەی خۆپیشاندەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ هەر کاروانێک دەبێت پێنج هەزار دنیار بدەن بە نرخی کێشانەکە، واتە یەگەر بارهەڵگرێک لە رۆژێکدا پێنج جار بچیتە سەر قەپانەکە ئەوا دەبێت ٢٥ هەزار دینار بدات، بەمەش ئەوان زیانێکی زۆر دەکەن.

وتیشی، رێگا و بان و مەیدانی قەپانەکە کێشە و گرفتی زۆرە و هیچ چاککردنێکیان تێدا نەکردووە.












گەلەری