ئاربیلوا و گواردیۆلا پێش رووبەڕووبوونەوەیان چییان وت؟

PM:11:50:10/03/2026

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاربیلوا دوپاتیکردەوە ریاڵ مەدرید هەمیشە پاڵێوراوە بۆ نازناوەکان و گواردیۆلاش نەیشاردەوە یاریکردن لە بێرنابیۆ قورسە.

پێش رووبەڕووبوونەوەی مان سیتی، ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ڕیاڵ مەدرید، بە متمانەیەکی زۆرەوە دووپاتیکردەوە کە یانەکەی بەرامبەر هیچ ڕکابەرێک هەست بە کەمی ناکات و وتی: ڕیاڵ مەدرید هەمیشە پاڵێوراوی هەموو شتێکە و ئێمە بە حەماسەتێکی زۆرەوە دەچینە ناو یارییەکەوە.

ئەربێلوا مژدەی باشبوونی باری تەندروستی کیلیان مباپێ و ئامادەیی کاماڤینگای دا، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە یاریزانانی مانچستەر سیتی بەهۆی لێکتێگەیشتنی زۆریانەوە وەک بڵێی بە چاوی بەستراوەوە یاری دەکەن، ئەمەش وادەکات ئەرکی بەرگریی مەدرید قورس بێت، بەڵام جەختیکردەوە کە بۆ بڕینی سیتی پێویستیان بە باشترین وەشانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەبێت.

لە بەرامبەردا، پێپ گواردیۆلا، ڕاهێنەری مانچستەر سیتی، ڕێزێکی زۆری بۆ مێژووی ڕکابەرەکەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ڕیاڵ مەدرید هەمیشە وەک هێزێکی گەورە دەمێنێتەوە، چونکە جەوهەری یانەکە جێگیرە.

گواردیۆلا دانی بەوەدا نا کە وەستاندنی ڤینیسیۆس ئەرکێکی زۆر قورسە و وتی: ئەو هەڕەشەیەکی بەردەوامە و پێویستە لە ناو یاریگادا زۆر لێک نزیک بین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی.

ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە جەختیکردەوە کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی تۆپ و کەمکردنەوەی هەڵەکانە، چونکە یاریکردن لە برنابیۆ وانە و ئەزموونێکی گەورەیە.

سەبارەت بە گەشتەکەی مباپێ بۆ پاریس بە مەبەستی چارەسەر، گواردیۆلا ئامادە نەبوو دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی مەدرید بکات و تەنها بە بابەتێکی ئاسایی ناوی برد.

وە لە کۆتایدا هەردوو ڕاهێنەر کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە یارییەکە لە 180 خولەک پێکدێت و وردەکارییە بچووکەکان چارەنووسی سەرکەوتوو دیاری دەکەن.