PM:09:39:10/03/2026
188 جار خوێندراوەتەوە
+
-
رۆناڵدۆ پاش کڕینەوەی پشکەکانی یانەی ئەلمێریا و
پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لێ دەکات و یانەکەش لە لالیگا نزیکە.
کریستیانو ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی تەمەن 41 ساڵانی
یانەی نەسری سعوودی، هەنگاوێکی نوێی لە جیهانی وەبەرهێناندا ناوە و لە ماوەی رابردوودا
بە فەرمی ڕایگەیاند کە سەدا 25ی پشکەکانی یانەی ئەلمێریای ئیسپانی کڕیوە.
ئەم
وەبەرهێنانە ستراتیژییەی دۆن نیشانەی پابەندبوونی درێژخایەنی ئەوە بە خاوەندارێتی
یانە وەرزشییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یانەی ئەلمێریا لە خولی پلە دووی
ئیسپانیا کێبڕکێیەکی بەهێز بۆ گەڕانەوە بۆ لالیگا دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئاس، ڕۆناڵدۆ کە پێشتر
ئەستێرەی درەوشاوەی ڕیاڵ مەدرید بووە، خۆشحاڵیی خۆی بە ئاستی یانە نوێیەکەی
دەربڕیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەلمێریا توانی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام لە یانەی
کولتورال لیۆنیسا بباتەوە.
بەم سەرکەوتنە ئەلمێریا پێگەی خۆی لە پلەی دووەمی
ڕیزبەندی قایمتر کرد و تەنها چوار خاڵ لە ڕاسینگ سانتاندێری پێشەنگەوە دوورە.
ڕۆناڵدۆ لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە
ئینستاگرام، پەیامێکی پاڵپشتی بۆ یانەکە نارد و وێنەیەکی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی
بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: سەرکەوتنێکی مەزنە، بەردەوام دەبین لەسەر ئەم کاروانە
ئەلمێریا.
ئەم
هەنگاوە نوێیەی ڕۆناڵدۆ نەک هەر ئیمپراتۆریەتە بازرگانییەکەی فراوانتر دەکات،
بەڵکو کاریگەرییەکی مەعنەوی گەورەشی بۆ یاریزانانی ئەلمێریا دەبێت لە پێناو
گەیشتنەوە بە خولی پلە یەکی ئیسپانیا.