تیباس: ریاڵ مەدرید رق بڵاودەکاتەوە

PM:11:26:24/12/2025

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تیباس رایگەیاند ریاڵ مەدرید رق بڵاودەکاتەوە و هێرشدەکاتە سەر ناوبژیوان و یانەکان و هەموو کەسێک ئەگەر یارییەک نەباتەوە.
خافێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، لە لێدوانەکانی بۆ رۆژنامەی سپۆرت وتی: ریال مەدرید لە رێگەی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکەی و سەرۆکەکەیەوە چیرۆکی ناڕاست و شێواو دروستدەکات و دەیبەستێتەوە بەدۆسیەی نێگرێراوە کە بەرشەلۆنە لە نێوان 2017 و 2019 تێوەی گلاوە.

تێباس دەڵێت: ئەوەی پشێوی دروستدەکات بەرشەلۆنە نییە، یانەکانی دیکەش نین، بەڵکو ریال مەدریدە کە هێرشدەکاتە سەر هەمووان، ئەوان لە دژی بەرشەلۆنەن، لە دژی ناوبژیوانانن، لە دژی هەموو شتێکن و پێموایە ئەوەش بەڕێگەیەکی نادروست و شێوێنراو دەکەن، هەروەها چیرۆکی هەڵە بڵاو دەکەنەوە.

تیباس وتیشی: هەڵمەتەکەی ریال مەدرید، رقی بەردەوام دروستدەکات، دەستەی لالیگا یەکەم لایەن بوو کە سکاڵای فەرمیی لەسەر دۆسێی نێگرێرا تۆمارکرد و داوای لێکۆڵینەوەی گشتگیر و سزادانی وەرزشیی کرد، ئەگەر پێویست بکات، لە کاتێکدا بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە یاساکە بەسەرچووە.

دوپاتیشیکردەوە، یانە گەورەکانی وەک ریال مەدرید، لە دەرەوەی یاریگای خۆیان رووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبنەوە و زۆرینەی کات یان دەدۆڕێن یان یەکسان دەبن، کاتێکیش یارییەکان نابەنەوە، دەستبەجێ سەردەکێشێت بۆ قسەکردن لەسەر هەبوونی نا دادپەروەری.