خولی ئینگلتەرا.. مان یوو بردیەوە

PM:09:48:25/10/2025

164 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئینگلتەرا مان یونایتد بە بردنەوە لە برایتۆن دووەم بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا.

لە یارییەکی هەفتەی نۆیەمی خولی ئینگلتەرا، یانەی مانچستەر یونایتد و برایتۆن لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر یەکتر یارییان کرد.

تایمی یەکەم، شەیتانە سورەکان نایابتر دەرکەوتن و لە خولەکەکانی 24 و 34 دوو گۆڵیان لە رێگەی کونیا و کاسێمیرۆ نووسییەوە، نیوەی یەکەمیش بەم ئەنجامە کۆتایی هات.

لە تایمی دووەمدا، بریان مبێمۆ لە خولەکی 61 گۆڵی سێیەمیشی بۆ تیپەکەی ئەمۆریم تۆمارکرد، بەڵام یاریزانانی برایتۆن تا رادەیەک ریتمی خۆیان وەرگرتەوە و لە خولەکەکانی 74 و 90 دوو گۆڵیان لە رێگای وێلباک و چارالامبۆس هێنایە بەرهەم.

هەرچەندە یارییەکە نزیکبوو لە کۆتاییهاتن، بەڵام مبێمۆ دووبارە دەرکەوتەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد.

سەرەنجام یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە سودی مانچستەر یونایتد کۆتاییهات، بەم ئەنجامە مان یوو بە 16 خاڵ چووە پلەی چوارەم و برایتۆن بە 12 خاڵ پلەی 12ی گرتووە.