عوسمان دیمبێڵی بەباشترین یاریزانی جیهان دیاریکرا

AM:12:19:23/09/2025

112 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر عوسمان دیمبێڵی بەباشترین یاریزانی جیهان دیاریکرا و لامین یاماڵ پلەی دووەم بوو.

لەهۆڵی شانۆیی دو شاتێلێتی شاری پاریس مەراسیمی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین سەرجەم براوەکان دیاریکران و عوسمان دیمبێڵی هێرشبەری پاریس سان جێرمان و هەڵبژاردەى فەڕەنسا بەباشترین یاریزانی جیهان هەڵبژێردرا.

لە مەراسیمەکەدا 10 یاریزان تا دوا ساتەکان مانەوە، کە لە پلەی 10یەمدا، نونۆ مێندێشی یاریزانی پاریس سان جێرمان هات، وە پلەکانی نۆیەم تا پێنجەمیش بریتی بوون لە، دۆنارۆما، پاڵمەر، مباپێ، ئەشرەف حەکیمی و رافینیا.

هەروەها محەمەد سەڵاحی میسڕی و ئەستێرەی لیڤەرپول لە پلەی چوارەمی باشترین یاریزانی جیهان هات و پلەی سێیەمیش بۆ ڤیتینیای پۆرتوگالی و ناوەڕاستکاری پاریس سان جێرمان بوو.

لە کۆتایدا کێبڕکێکە لە نێوان یاماڵ و دیمبێڵی مایەوە و تێیدا عوسمان دێمبێڵی هێرشبەری پاریس سان جێرمان و هەڵبژاردەی فەڕەنسا وەک باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2025 لە خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر هەڵبژێردرا.

ئەستێرە فەڕەنسییەکە وەرزی پێشوو بووە پاڵەوانی جام و خولی فەڕەنسا لەگەڵ پاریس، وە چامپیۆنز لیگ و جامی سوپەری فەڕەنسا و ئەوروپاشی لەگەڵ بەدەستهێنان، وە توانیشی لە 53 یاریدا 35 گۆڵ و 16 ئەسیست تۆماربکات.

لەسەر ئاستی خانمانیش، ئایتانا بۆنماتی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەباشترین یاریزان دیاریکرا و بۆ سێیەمجار لەسەر یەک خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.