ریاڵ مەدرید مەرجی فرۆشتنی ڤینی دادەنێت

PM:09:42:21/09/2025

184 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید ئامادەیە ڤینیسیۆس بە سعودییەکان بفرۆشێت ئەگەر مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەن.

لە چەند مانگی رابردوودا، رۆژنامەکان بڵاویانکردەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر چەندین ئۆفەری ریاڵ مەدریدی رەتکردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، هۆکارەکەشی ئەوە بووە داوای زیادکردنی مووچەکەی کردووە بۆ ئەوەی هاوشێوەی کیلیان مباپێ ببێت.

چەندین سەرچاوەش ئاشکرایانکردووە، یانەکانی سعودیە بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخی دانووستانەکانی نێوان ئەستێرە بەرازیلییەکە و یانە ئیسپانییەکە دەکەن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن ڤینی بگوازنەوە.

تۆڕی دیفێنسا سێنتراڵ دەڵێت، ریاڵ مەدرید ئاگاداری گرنگییە زۆرەکەی یانە سعودییەکانە لە بەرامبەر ڤینی، یانەی شاهانە پێی راگەیاندوون ئەگەر دەیانەوێت بیگوازنەوە دەبێت بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەن کە یەک ملیار یۆرۆیە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوایین ئۆفەری سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس بڕی یەک ملیار یۆرۆ بووە بۆ پێنج ساڵ، ناوی یاریزانەکەش بە یانەکانی ئەهلی و هیلال دەبەسترێتەوە.