PM:06:07:12/03/2025
224 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئەتلەتیکۆ گورزێکی کوشندەی بەرکەوت دوای ئەوەی کۆریا بۆ ماوەی پێنج یاری راگیرا.
ئەنخێل کۆریای ئەرجەنتینی و هێرشبەری ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر خیتافی لە خولی ئیسپانیا کارتی سووری پێدرا و دواترقسەی نەشیاوی بە ناوبژیوان وتوە.
دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان و خوێندنەوەی راپۆرتی ناوبژیوانی ئەو یاریە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریدا بە راگرتنی کۆریا بۆ ماوەی پێنج یاری یانەکەی.
لیژنەکە ئاماژەیان بەوەداوە، ناوبژیوان لە راپۆرتەکەیدا نوسیویەتی کە یاریزانە ئەرجەنتینیەکە قسەی نەشیاوی بە خۆی و خێزان و دایکی وتوە و ئەوەش هۆکاری ئەو سزا گەورەیە و ئەتلەتیکۆش 10 رۆژی لەبەردەمدایە کە تانە لەو بڕیارە بدات.
ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەو سزایەی سەر ئەنخێل کۆریا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی سەر بە یەکێتییەکەیان جێبەجێ دەکرێت بەو هۆیەش بەشداری هەردوو یارییەکەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا و جامی شا وە هەروەها یارییەکانی ئیسپانیۆل و سیڤییە و بەلەدوەلید ناکات.
خ . ک