بەرشەلۆنە یاریزانێکی بایرنی دەوێت

PM:01:05:26/12/2024

164 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە نیازی ئەوەی هەیە گرێبەست لەگەڵ گۆرێسکا واژۆ بکات لەسەر خواستی فلێک.

بەرشەلۆنە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا نەیتوانی ئەو یاریزانانە بگوازێتەوە کە یانەکە پێویستی پێیە و تەنیا توانیان لەگەڵ دانی ئۆلمۆ گرێبەست واژۆ بکەن و بیگوازنەوە ریزی یانەکەیان.

بەڵام ئاست و ئەنجامە خراپەکانی ئەم تیپە لە چەند هەفتەی رابردوو وایکردووە بەڕێوەبەران و ستافی تەکنیکی یانەکە بیر لە بەهێزکردنی تیپەکەیان بکەنەوە، فلیکیش یەکێکە لەو کەسانەی کە بەشداری راستەوخۆی دەبێت لە پرۆسەی گواستنەوەی یاریزاناندا.

لە ئێستادا رۆژنامەی سپۆرت باسی لەوەکردووە، ئەگەر بەرشەلۆنە تووشی کێشەی دارای نەبێتەوە هەوڵی گواستنەوەی لیۆن گۆرێسکا دەدات و راهێنەری بەرشەلۆنە لە تواناکانی بە ئاگایە و بە گرێبەستێکی گونجاوی دادەنێت.

ئەم ئەستێرە ئەڵمانییە لە ساڵی 2018ەوە درێسی بایرن دەپۆشێت و لەژێر راهێنەرایەتی فلیک لەم تیپەدا یاریی کردووە و یەکێک بووە لە یاریزانە دڵخوازەکانی، لە ئێستاشدا لەگەڵ بایرن کێشەی هەیە و ئەمەش نزیکتری دەکاتەوە لە یانەکەی کەتەلۆنیا.