باشترینەکانی مانگی پریمەر لیگ دیاریکران

PM:04:06:08/11/2024

184 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نونۆ سانتۆ بە باشترین راهێنەری مانگی پریمەر لیگ دیاریکرا و کریس وود خەڵاتی باشترین یاریزانی پێبەخشرا.

رابیتەی یانەکانی خولی ئینگلتەرا لە پێگەی فەرمی خۆیان باشترینەکانی مانگی رابردووی پریمەر لیگی بڵاوکردەوە لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکان و نۆتینگهام پشکی شێری بەرکەوتووە.

رابیتەکە ئاشکرایکردووە، نونۆ سانتۆی پورتوگالی و راهێنەری یانەی نۆتینگهام بە باشترین راهێنەری مانگی 10ی خولەکە دیاریکراوە دوای بردنەوەی کێبڕکێکە لە پیپ گواردیۆلای مان سیتی و ئارنی سلۆتی لیڤەرپوڵ و هوزلەری برایتۆن.

نۆتینگهام لە مانگی رابردوودا سێ یاری بە راهێنەرایەتی نونۆ سانتۆ ئەنجامداوە، بەرامبەر چێڵسی یەکسانبووە و بردنەوەی بەسەر کریستال پالاس و لیستەر سیتی بەدەستهێناوە، لە ئێستاشدا لە پلەی سێیەمی پریمەر لیگدایە.

جگە لەوەش ئەو یانەیە لەم وەرزەدا باشترین ریزبەندی هەیە لە دوای وەرزی 1994 بۆ 1995ەوە، هەروەها دووەم باشترین هێڵی بەرگری هەیە لە خولەکەدا بە شێوەیەک کە حەوت گۆڵی لێکراوە لە 10 یاریدا، تاکە یانەشە بردنەوەی بەسەر لیڤەرپوڵی پێشەنگ بەدەستهێنابێت.

لەلایەکی تریشەوە، کریس وودی هێرشبەری یانەی نۆتینگهام بە باشترین یاریزانی هەمان مانگی پریمەر لیگ دیاریکرا دوای بردنەوەی خەڵاتەکە لە کۆل پالمەر و گڤاردیۆل و بوکایۆ ساکا و مبێمۆ و دانی وێلباک.

خ . ک