مباپێ توڕەیە و رەخنەی لە ریاڵ مەدرید هەیە

PM:03:18:08/11/2024

8388 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مباپێ رەخنەی لە شێوازی یاریکردنی ریاڵ مەدرید هەیە و دەیەوێت هەمووان یاری بۆ ئەو بکەن.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە راپۆرتێکدا باسی لە کێشەکانی یانەی ریاڵ مەدرید کردووە لەم وەرزەدا بەتایبەت دوای گواستنەوەی کیلیان مباپێ و خراپی ئاستی یانەکە.

رۆژنامە کەتەلۆنیەکە ئاشكرایکردووە، مباپێ رەخنەی زۆری هەیە لە شێوازی یاریکردنی ریاڵ مەدرید بە راهێنەرایەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی چونکە وای دەبینێت کە گرنگترین یاریزانی یانەکە نییە.

موندۆ دوپاتیکردووەتەوە، مباپی بە کەسە نزیکەکانی وتوە کە وا راهاتووە هەموو یاریزانەکان یاری بۆ ئەو بکەن بەتایبەت بەو شێوەی کە لە پاریس سان جێرمان بووە بەڵام ئێستا لە مەدرید بابەتەکە بەو شێوەیە نییە و یاری بۆ ناکەن.

دەشڵێت، هەموان ئەو راستیە دەزانن کە مباپێ باشترین ساتەکانی خۆی بەڕێناکات و یانەکەشی لە خراپترین بارودۆخدایە، جگە لەوەش دیدیە دیشامپی راهێنەری فەرەنساش ناوی کیلیانی لە لیستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دوورخستووەتەوە.

رونیشیکردووەتەوە، ئەستێرە فەرەنسیەکە دڵخۆش نییە بە شێوازی پلان و تەکنیکەکانی ئەنچیلۆتی و دڵنیا بووەتەوە لەوەی کە لە نێو ریاڵ مەدرید ناگات بەو خەونەی کە سەرجەم یاریزانەکان لە یاریگادا تەنها بۆ ئەو یاری بکەن تا ببێتە ئەستێرەی یەکەمی یانەکە.

خ . ک