ئۆسیمین: لە گالاتەسەرای دەمێنمەوە

PM:02:02:08/11/2024

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئۆسیمین مانەوەی خۆی تا کۆتایی خواستنەکەی لەگەڵ گالاتەسەرای راگەیاند و دەڵێت لە تورکیا دڵخۆشە.

لەکاتێکدا باس لەوە دەکرا کە ڤیکتۆر ئۆسیمین تا مانگی یەک لە یانەی گالاتەسەرای دەمێنێتەوە و پاش کۆتایی هاتنی نیوەی وەرز دەگەڕێتەوە بۆ یانەیەکی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا، بەڵام یاریزانەکە ڕایگەیاند کە تا کۆتایی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ یانە تورکییەکە دەمێنێتەوە.

ئۆسیمین کە ئێستا بە باشی لەگەڵ گالاتەسەرای خۆی گونجاندووە و بووەتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی خولی تورکیا، شەوی رابردووش بەرامبەر تۆتنهام ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد و توانی لە تایمی یەکەمدا دوو گۆڵ تۆمار بکات و ببێتە هۆکاری بردنەوەی یانەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ.

دوای یارییەکەش سەبارەت بە دۆخی خۆی لە یانەی گالاتەسەرای وتی: لە مانگی یەکدا ناڕۆم، تا کۆتایی وەرز لەگەڵ یانەکە دەمێنمەوە، نازانم دوای نیوەی وەرز، گالاتەسەرای و ناپۆلی باسی چی دەکەن، بەڵام ئەگەر بێنە لام قسە دەکەین و پێیان دەڵێم لە تورکیا دەمێنمەوە.

وتیشی: گالاتەسەرای یانەیەکی باشە و لێرە دڵخۆشم، پەیوەندیەکی باشم لەگەڵ هاندەران هەیە و زۆر خۆشیان دەوێم، بێگومان تا کۆتایی ئەم وەرزەش لەگەڵیان بەردەوام دەبم.