بە هۆکارێکی سەیر رۆناڵدۆ سزا دەدرێت

PM:10:33:04/07/2024

3432 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەهۆی ریکلام کردن بە شێوەیەکی نهێنی بۆ کۆمپانیایەک لە یاری رابردووی هەڵبژاردەکەی رۆناڵدۆ مەترسی سزادانی لەسەرە.

یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی پورتوگال و سلۆڤینیا بە یەکێک لە پڕبینەرترین و دراماتیکی ترین یارییەکانی یۆرۆی 2024ی ئەڵمانیا دادەنرێت، لەو یارییەدا بەهۆی لەدەستدانی لێدانی سزا لەلایەن کریستیانۆ و پاشان گریانی یاریزانەکە و دواتر بردنەوەی هەڵبژاردەکە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان تەواوی میدیاکان رووداوەکەیان کرد بە هەواڵی یەکەمیان.

پاش یارییەکەش کۆمپانیایی هوپ بە پشت بەستن بەو ئامێرانەی بەستبوویان بە لاشەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، چەند داتا و ئامارێکیان لەسەر باری لاشەی یاریزانەکە راگەیاند، کە ئەمەش ریکلامیکی گەورە بوو بۆ کۆمپانیاکە.

کۆمپانیای هوپ بە نیشاندانی کەمبوونەوەی بەرچاوی لێدانی دڵی ڕۆناڵدۆ لە کاتی جێبەجێ کردنی یەکەم لێدانی سزا، بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئەم هەواڵە بووە بە یەکێک لە گرنگترین هەواڵەکانی یۆرۆ.

کێشەکە لەوەدایە ئەو کۆمپانیایە گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵ یوفا نییە و رێگەی پێنەدراوە بە نهێنی ئەم پاڵەوانێتییە بەکاربهێنێت بۆ ناساندنی براندەکەی، شارەزایانی یاسای بازرگانیش دەڵێن کارەکە بە تەواوی نایاسایە و یاریزانەکەش پێویستە سزا بدرێت.

ڕیکاردۆ فۆرتێی بەرپرسی پێشووی سپۆنسەری کۆمپانیاکانی ڤیزا و کۆکاکۆلا ڕایگەیاند، لە ڕووی یاسای بازرگانی نێودەوڵەتییەوە، کۆمپانیایی هوپ بەم کارە یاساکانی یەکێتی ئەوروپای پێشێل کردووە، جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بەپێی یاساکان کریستیانۆ مافی ئەوەی نییە رۆڵی هەبێت لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە لە یۆرۆ و بەدڵنیاییەوە یوفا سزای دەدات و سزادانەکەشی بە ئەگەرێکی زۆرەوە دارای دەبێت.