ریاڵ مەدرید مباپێ لە رۆناڵدۆ گەورەتر دەردەخات

AM:10:38:04/07/2024

11284 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید لە 16ی ئەم مانگە ئاهەنگی ناساندنی مباپێ سازدەکات بە شێوەیەک بۆ هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ نەکرابێت.

بڕیارە بەم نزیکانە یانەی ریاڵ مەدرید لە ئاهەنگێکی شایستەدا کیلیان مباپێی فەرەنسی بە هاندەران و میدیاکان بناسێنێت، پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی واژۆ کردنی گرێبەستەکەی.

ڕۆژنامەی لۆ پاریسیان بڵاویکردەوە، یانە مەدریدیەکە لە 16ی تەمموزدا ئاهەنگێکی گەورەی پێشکەشکردنی مباپێ سازدەکات، دوای دوو ڕۆژ لە کۆتاییهاتنی جامی یۆرۆ.

ئاسی ئیسپانیش دوپاتیدەکاتەوە، ناساندنی مباپێ ئاهەنگێک دەبێت تا ئێستا بۆ یاریزانێکی تۆپی پێ نەکراوە، بەڵام بۆ ئەستێرە فەرەنسیەکە دەکرێت تا درک بە گەورەیی واژۆکردنی گرێبەستەکەی بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 85 هەزار بینەر بەشداری ئاهەنگی پێشکەشکردنی هێرشبەرەکەی مێرەنگێ بکەن، ئەمەش ئەو ژمارەیە پێوانەییە دەشکێنێت کە ئەستێرەی پورتوگالی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بەدەستیهێنابوو کاتێک لە هاوینی 2009دا پێشکەشکرا.

کیلیان مباپێی 25 ساڵ دوای حەوت ساڵ یاریکردن بە درێسی پاریس سان جێرمان گرێبەستێکی پێنج ساڵەی بێ بەرامبەری لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید واژۆکرد.