ئەلکانتارا بڕیاری وازهینانی لە یاریکردن داوە و بەرشەلۆنەش پلانی بۆی هەیە

PM:07:45:07/07/2024

1020 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەلکانتارا بڕیاری وازهینانی لە یاریکردن داوە و بەرشەلۆنەش دەیەوێت بیکات بە یاریدەدەری فلیک.

تیاگۆ ئەلکانتارای تەمەن 33 ساڵان، لە چەند وەرزی ڕابردوودا بەهۆی پێکانەوە بەشداریکردنی لە یارییەکاندا زۆر کەم بوەوە و ئەمەش وایکرد یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە و لە ئێستادا یاریزانیکی ئازادە.

فابریزیۆ ڕۆمانۆش لە نوێترین بڵاوکراوەیدا باسی لەوەکردووە، ئەستێرە ئیسپانییەکە دوا بڕیاری خۆیداوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ ڕادەگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی نیازی وازهێنانی ئەلکانتارای پشتڕاستکردەوە و راشیگەیاند، لە مانگی ئایارەوە یانەکەی پێشووی واتە بەرشەلۆنە گفتوگۆ لەگەڵ تیاگۆ دەکات و یاریزانەکە بۆ ستافی تەکنیکی وەک یەکێک لە یاریدەدەرەکانی هانسی فلیک زیاد بکات.

تیاگۆ ئەلکانتارا بەرهەمی ئەکادیمیای لاماسیایە یاری بۆ یانەکانی بەرشەلۆنە و بایرن میونشن و لیڤەرپول کردووە، لە ماوەی یاریکردنی لەگەل یانەکەی کەتەلۆنیا چوار جار لالیگا و جارێکیش چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2013 پەیوەندی بە بایرنەوە کرد و لەگەڵ ئەم تیپە حەوت جار نازناوی بۆندسلیگای بەدەستهێنا و لە ساڵی 2020 بوونە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، وە لە ساڵی 2011ەش بانگێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرا و لە 46 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشداری کرد.