ڤاڵڤێردی نزیکە لە یەکسانکردنەوەی ژمارە پێوانەییەکی رۆناڵدۆ

PM:07:30:06/05/2024

300 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤاڵڤێردی لەم وەرزە بەشداری سەرجەم یارییەکانی خولی ئیسپانیای کردووە و نزیکە لە یەکسانکردنەوەی ژمارە پێوانەییەکی رۆناڵدۆ.

لە چەند وەرزی ڕابردوودا ڤاڵڤێردی یەکێک بووە لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی و ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە سەرکەوتنەکانی یانەکە لە بردنەوەی چەندین نازناو.

ئەستێرە ئۆرۆگواییەکە لەم وەرزەدا یەکێک بوو لەو یاریزانانەی کە لەلایەن ئەنچیلۆتیەوە بە تەواوی پشتی پێدەبەسترێت لە تەواوی یارییەکان، تەنانەت ئەو یارییانەش کە یاریزانەکانی تری یانەکە پشوویان پێدەدرێت بەڵام ئەستێرەکە بەردەوامە لە یاریکردن ئەمەش وایکردووە نزیک بێت لە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەی تایبەت.

ئەگەر ئەم ئەستێرەیەی ڕیال مەدرید لەلایەن ئەنچیلۆتیەوە بخرێتە نێو پێکهاتەی ئەو چوار یارییەی کە لالیگا ماوەتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم یاریزان جگە لە گۆڵپارێز دوای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە هەر 38 یارییەکەدا کە ڕیال مەدرید لە لالیگا ئەنجامی داوە بەشداری بکات.

پێشتر لە وەرزی 2011-2012 بوو کە ئەم ئەستێرە پورتوگالییە توانی ڕیکۆردێکی لەو شێوەیە بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات، ئێستاش ماوەتەوە بزانرێت ئایا ڤاڵڤێردی دەتوانێت لەم وەرزەدا ئەو ژمارەی پێوانەیی ئەفسانەکەی یانەکە بشکێنێت یاخود نا.