کڤارا بەرشەلۆنەی دەوێت

PM:03:31:26/04/2024

192 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرۆکی ناپۆلی دەیەوێت گرێبەستی کڤارا تسخێلیا بۆ سێ هێندە زیادبکات بەڵام یاریزانەکە نیازی رۆیشتنی هەیە بۆ بەرشەلۆنە.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە کڤارا تسخێلیای جۆرجی و یاریزانی ناپۆلی رەتیکردوەتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە لە پێناو ئەوەی پەیوەندی بە بەرشەلۆنەوە بکات.

کڤارا وەرزی ڕابردوو یەکێک بوو لەو یاریزانانەی هۆکاری بوون بە پاڵەوانی ناپۆلی بوو لە خولی ئیتاڵیا پاش زیاتر لە 30 ساڵ، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستی یانەکە دابەزیووە و ئەم یاریزانەش دەیەوێت روو بکاتە ئیسپانیا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و بە پشتبەستن بە لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، ئەگەری ئەوە هەیە ئەستێرە جۆرجییەکە یەکێک بێت لە ئامانجەکانی بەرشەلۆنە بۆ وەرزی داهاتوو، بەو پێیەی چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەر دەیەوێت پێگەی باڵی چەپ لە تیپەکەدا بەهێزتر بکات، بەهۆی گونجانی شێوازی یاریکردنیشیەوە ئەستێرەکەی ناپۆلی ئامانجی یەکەمیان دەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە، راهێنەرەکەی بەرشەلۆنە پاش یاری یانەکەی بەرامبەر ناپۆلی و بینینی شێوازی یاریکردنی یاریزانەکە ئەو بڕیاریداوە.

لەلایەکی تریشەوە بڕیارە هەفتەی داهاتووو بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانەکە بگاتە شاری ناپۆلی بۆ دانوستان لەگەڵ سەرۆکی یانەکە، هەرچەند سەرۆکەکە دەیەوێت مووچەی کڤارا بۆ سێ هێندە زیابکات بەڵام یاریزانەکە لە پێناو بەرشەلۆنە دەیەوێت ناپۆلی جێبهێڵێت.