لایپزیگ سورە لەسەر هێشتنەوەی سیمۆنس

PM:02:21:26/04/2024

148 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لایپزیگ سورە لەسەر ئەوەی سیمۆنس بەشێوەیەکی خواستن بهێڵێتەوە بەڵام پاریس هێشتا بەو بابەتە رازی نییە.

پاریس سان جێرمان هاوینی ڕابردوو جوڵەیەکی زیرەکی بۆ یەکێک لە یاریزانەکانی ئەنجامدا، چاڤی سیمۆنس دوای وەرزێکی نایاب لە ئایندهۆڤن گەڕایەوە یانەکە ئەویش پاش ئەوەی پاریس بڕگەی شەش ملیۆن یۆرۆی گرێبەستەکەی سیمۆنسی بەکارهێنا بۆ گەڕاندنەوەی ئەستێرەکە، پاشان هەر زوو بە قەرز رەوانەی لایپزیگی کرد بەبێ ئەوەی بڕگەی کڕینەوەی هەمیشەیی هەبێت لە گرێبەستەکەیدا.

ئاستی سیمۆنس لەم تیپە ئەڵمانییەدا نایابە و توانیویەتی لە 40 یاریدا نۆ گۆڵ و 14 ئەسیست تۆمار بکات، بەرپرسانی لایپزیگ هێندە یاریزانەکەیان بە دڵ بووە تا ئەو ئاستەی بە وتەی لۆ پاریسیان لە مانگی یەکدا لەگەڵ بەڕێوبەرانی پاریس سان جێرمان کۆبوونەوەی بۆ ئەوەی ساڵێکی دیکە بۆ خواستنەکەی سیمۆنس زیاد بکەن بەڵام ڕووبەڕووی وەڵامێکی نەرێنی بوونەتەوە لەلایەن خلێفییەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیش، لایپزیگ دڵنیایە لەوەی دەتوانێت چاڤی سیمۆنس بۆ وەرزێکی تر بهێڵێتەوە و خودی یاریزانەکەش ئارەزووی مانەوەی هەیە، لە ئێستادا پەیوەندییەکی باش لەگەڵ پاریس سان جێرمان دەیانخاتە دۆخێکی باشەوە بۆ ئەوەی چاڤی بۆ وەرزێکی دیکە بە خواستن بمێنێتەوە.

هەر بەپێی رۆژنامەکە، یانە پاریسییەکە 80 ملیۆنی دەوێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هەمیشەی دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە ئەو توانایەیان نییە بەم زووانە لەگەڵ ناسڕ خلێفی کۆدەبنەوە تا داوای درێژکردنەوەی ماوەی خواستی یاریزانەکە بکەن.