ئاراوخۆ لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە

PM:01:26:28/03/2024

200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاراوخۆ بووەتە یەکێک لە سەرکردەکانی بەرشەلۆنە و بە هیچ جۆرێک بیر لە رۆیشتن ناکاتەوە.

رۆناڵد ئاراوخۆی ئۆرۆگوای و بەرگریکاری یانەی بەرشەلۆنە بووەتە ئامانجی سەرەکی بایرن میونشن، بە مەبەستی بەهێزکردنی هێڵی بەرگری، لەکاتێکدا یانە کەتەلۆنییەکە پابەندە بە هێشتنەوەی، لەبەر ئەوەی یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی پڕۆژەی تیپەکە لە داهاتوودا.

ڕاپۆرتە ئیسپانییەکان ڕایانگەیاند، بایرن میونشن لە ڕێگەی نێوەند گیرێکەوە بەرشەلۆنەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەیە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ ئەوەی ئاراوخۆ بەدەست بهێنێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، سەرباری ئەو ئۆفەرە گەورەیە، بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە تەنیا بیر لە یەک شت دەکاتەوە، ئەویش مانەوەیە لە بەرشەلۆنە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی سەرنجەکانی ئاراوخۆ ئاراستەی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگن، هەروەها باشترکردنی پێگەی بەرشەلۆنەیە لە ڕیزبەندی خولی ئیسپانیا.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئاراوخۆ هەست بە ئاسوودەییەکی زۆر دەکات لە بلاوگرانا لەبەر ئەوەی بووەتە یەکێک لە سەرکردەکان لە یانەکە و لە شارەکەش.

ئاراوخۆ تەمەنی 25 ساڵە و تا هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەیە، نرخیشی لە میرکاتۆی یاریزانان 70 ملیۆن یۆرۆیە.